ڕوانگە - وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێ، گفتوگۆ بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی "هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا" دەستپێدەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، "رێککەوتنی ئێستا وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەمڕۆ نییە."

 ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە" رایگەیاند، ئەنقەرە رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێی داوەتە عێراق بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتەکە.

 بایراکتار گوتی، "هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا" توانای گواستنەوەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە، بەڵام لە 50 ساڵی رابردوودا هەرگیز بە تەواوی توانای خۆی بەکارنەهێندراوە.

 وەزیری وزەی تورکیا گوتی، "بەم دواییە حکومەتی عێراقمان ئاگادارکردەوە کە رێککەوتنی ئێستا چیدیکە وەڵامی چاوەڕوانییەکان ناداتەوە و لەگەڵ پێداویستییەکانی جیهانی وزەی ئەمڕۆدا ناگونجێت، بۆیە رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێمان بۆ ناردن."

بایراکتار رایگەیاند، لایەنی عێراقی خەریکی تاوتوێکردنی رەشنووسەکەیە و گوتی، "هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمە تەکنیکییەکان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنە نوێیەکەوە دەستپێبکەن. ئامانجمان ئەوەیە ئەم هێڵە بە تەواوی توانای خۆی بەکاربێنین."

 21ی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارێکی واژۆ کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق کە لە ساڵی 1973ـەوە کاری پێدەکرێ، لە ساڵی 2026 کۆتایی دێ. بڕیارەکەش لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکە بڵاوکرایەوە. 

 ئالپئارسلان بایراکتار باسی لە پلانی وڵاتەکەی بۆ زیادکردنی هەناردەی کارەبا بۆ سووریا کرد و رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتووەوە بتوانین راستەوخۆ نزیکەی 900 مێگاوات کارەبا هەناردەی سووریا بکەین."

 ئەو وەزیرەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا 281 مێگاوات کارەبا دەدەنە سووریا و لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ 360 مێگاوات بەرزی دەکەنەوە.

 سەبارەت بە گازی سرووشتی، بایراکتار گوتی، "رۆژی 2ـی ئاب توانیمان ئەو گازەی لە ئازەربایجانەوە دێ، بگەیێنینە سووریا. ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشیی سندووقی گەشەپێدانی قەتەر ئەنجامدراوە." بە گوتەی ئەو وەزیرە، ئەو بڕە گازە دەتوانێت کارەبای پێویست بۆ نزیکەی 5 ملیۆن خێزان لە حەلەب و حمس دابین بکات.

 وەزیری وزەی تورکیا ستراتیژی وزەی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، جگە لە بەرهەمی نێوخۆیی، کار لەسەر دەرفەتە دەرەکییەکانیش دەکەن.

 بەیراکتار گوتی، "لە بەسرە لە سێ کێڵگەدا هاوبەشیمان هەیە؛ هەروەها بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین لە وڵاتانی وەک لیبیا، نەیجەر و سۆماڵ."

 بەیراکتار رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستێک بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە پاکستان واژۆ دەکەن و بەهۆی رێککەوتنێکی نوێشەوە لەگەڵ حکومەتی لیبیا، دەرفەتی گەڕانیان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەدا بۆ رەخساوە.