ڕوانگە - بەمەبەستی پێداگیری کردن لەسەر دادگایکرنی دادپەروەرانەی و داننان بە تاوانی ئەنفالدا، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان و کەسایەتی دیاری شاری کەلار، گردبونەوەیەک بۆ دادگایکردنی تاوەنباری کەیسی ئەنفال، عەجاج ئەحمەد تکریتی بەڕێوەچوو.
سەرکەوت جەلیل پسپۆڕی بواری یاسا بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئێمە وەک ژمارەیەک لەوکەسانەی کە سەروکارمان لەگەڵ بابەتی جینۆسایدا هەیە چ بە نوسین چ بە وەرگێڕان، حەزمانکرد چالاکییەکی لەم شێوەیە لەگەرمیان ئەنجام بدەین، ئەمە جگە لەوەی کە خۆمان گەرمیانین."
وتیشی:" چەند ئامانجێکمان هەیە ئەویش نیشاندانی دڵخۆشی خۆمانە بە دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەمدان تکریتی، کە تۆمەتبار و تاوابار و داواکراوێکی گەورەیە لە لیستی داواکراوانی دۆسێی جینۆسایدی ئەنفالدا، کە ئێستا دەستگیر کراوە".
سەرکەوت جەلیل ڕونیشیکردەوە:" داوای ئەوەیش دەکەین کە پرۆسەی دادپەروەری بۆ قوربانیان و زیان لێکەوتووان تەنها بە دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارەوە نەوەستێت، بەڵکو ئەمە سەربکێشێت بۆ دەستگیرکردنی تێوەگلاوانی دیکەش، لەوانەش گرنگتر هەنگاوێکی قوڵتر داوادەکەین کە ئەویش ئەوەیە حکومەتی عێراق بەدیاریکراوی دان بە جینۆسایدی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەشدا بنێت و بە فەرمی بیان ناسێنێت کارێکی وەها بکات لە یادەوەری گشتیدا بمێننەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد:" لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو کەس و لایەنانەی کە لە شارەکانی دیکە کۆدەبنەوە و داوای دادگایکردنی جاش و مستەشار و داواکراوانی دیکە دەکەن، پێیان دەڵێین لەگەڵتانین و خەمی هەموومان هەمان خەمە و ئامانجی هەموومان هەمان ئامانجە، ئەویش دادپەروەرییە وە بە سزاگەیاندنی تۆمەتباران و تاوەنبارانە."
سەرکەوت جەلیل پسپۆڕی بواری یاسا ئاشکرایشیکرد:" بۆیەکەمینجارە لەچالاکییەکی وەهادا ژنان و کچانی ئێمە بە جل و بەرکی کوردییەوە بەشداربوون، دیارە جل و بەرگی کوردی ئاڵ و واڵایە، کە پێمان خۆشە لە ڕوی سیمبوڵییەوە بیکەین بە بەدیلێک بۆ ئەو جلە ڕەشەی کە بووەتە ناسنامەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، وە پێیان دەڵێین ئێمە لەسەر ژیانی ئاڵو وڵای و کلتوری خۆمان بەردەوامین، سەرباری ئەوەی زیاتر لە جارێک جینۆسایدکراوین."