ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی هۆکاری دواکەوتن و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ڕایگەیاند:" پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گرنگە، بەتایبەت لەم بارودۆخە هەستیارەی کە ئێستا ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پێدا تێپەڕ دەبێت."
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەشکرد:" یەکێتی لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا هەموو هەماهەنگی و کارێکی کردووە و ڕێگرنەبووە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام یەکێتی دەیەوێت ئەم کابینەیە لەسەر بنەمایەکی نوێ، لەسەر بنەمای کارکردن و شەراکەتی حەقیقی بێت و وە پرەنسپی کارکردنی ئەوەبێت کە هاوبەشی لە کارەکانیدا هەبێت."
پۆڵا تاڵەبانی، لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتەوە تا ئەم کاتە ئاشکرایکرد:" ئەوەی وایکردووە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوابکەوێت، هەبونی جیاوازییە لە بیروبۆچوون، جیاوازی لەسەر شێوازی کارکردن، هەروەها جیاوازی لە پرسی دیکەدا هەیە کە هێشتا نەگەیشتۆتە کۆتایی، بەڵام هەنگاوەکان بەردەوامن و زۆر بابەت چارەسەر کراون، وە لە کۆتا کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەو پەیامە بڵاوکرایەوە کە هەنگاوی باش نراوە و کاردەکرێت بۆئەوەی کۆبوونەوەی پەڕلەمانی کوردستان لەنزیکترین کاتدا ئەنجام بدرێت."
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەوەیشی خستەڕوو:" ئێمە وەکو یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین لەزوترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت و هەستێت بە ئەرکەکانی خۆی، کە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی خەڵک و ئەو قەیرانانەیە کە ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندی خەڵکە، ئەگەر بێت و لەزوترین کاتدا ئەم کابینەیە نوێیە پێکبهێنرێت."